لێدوانێک لەسەر پرۆژەی ناوە دۆمەینێک بۆ کورد لە بەرنامەی شۆتێک

بەرنامەی شۆتێک لە کەناڵی کوردسات

دیارە پرسی دۆمەینێک بۆ کورد، لە لای هەموو کوردێک دروست دەبێت کاتێک ناونیشانی ماڵپەڕێکی ئەڵمانی de ، سویدی se ، یاخود ئێرانی ir دەنووسێت، هەندێک کەس و گروپ بەدوای وەڵامیشدا گەڕاون و بەدواداچوونیان کردوە تاکوو وەڵامێکی دروست وەربگرنەوە و بگرە خۆیان تەرخان کردوە و بە جدی هەوڵیان بۆ وەدەستهێنانیشی داوە.

هەر بۆ نموونە زانستپەروەرانی کورد کە خۆم ئەندامم تیایدا، کۆتایی ساڵی ٢٠٠٣ چەندجارێ کۆبوونەوەمان کرد، ئەوەبوو نامەیەکمان ئاراستەی ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان کرد، و وەڵامیشمان بەدەست گەیشت، ئەکادیمیای زمانی کوردی، کورد ئایتی گروپ و تاکە کەسیش هەوڵیان بۆداوە، بگرە چەندکەسێک پاش چالاکردنی ماڵپەڕی دۆتکورد پەیوەندییان پێوە کردوم و باسی شارەزایی و هەوڵی خۆیانیان بۆ کردوم کە دڵنیام زۆربەمان کە هەریەکە و لەئاستی خۆیەوە هەوڵێداوە، ئاگاداری درێژەی هەوڵەکانی ئەویتر نەبووە. ئەمە جێگەی شانازییە، هاوکات جێگەی سەرنجیشە کە هەموو، ڕووی کردۆتەوە باشوور و لەگەڵ لێپرسراوانی حکومی و حیزبیشدا بابەتەکەیان ورژاندوە.
کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ من ڕاپۆرتێکم دا بە وەزارەتی گەیاندن، زۆر بە گەرمی بەرەوپیری هاتن، لە ساڵی ٢٠٠٨ دا لەگەڵ جەنابی وەزیر و چەند بەڕێزێکی تر لەوەزارەت تاوتوێی پرۆژەکەمان کرد، لێکۆڵینەوەم لەسەری کردبوو پێشتر، و پەیوەندیم گرتبوو لەگەڵ کارمەندانی ڕێکخراوی ئایکان لەلایەک و ڕێکخراوەکانی تری پەیوەندیدار تاکوو بتوانم وەڵامی ئەو پرسیارانە وەبگرم کە گرنگن بۆ دەستپێکردن و چوونە ناو پرۆسەکەوە. ئێستا وا لە پرۆژە پێشنیارکراوەکانی ٢٠١٠ دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی بۆ داناوە، کە زۆر دڵخۆشکەرەیە، چونکە بەپشتیوانی حکومەت گرفتەکانی پرۆسەکە ئاسانتر شیکار دەبێت.
ڕێکخراوی ئایکان،سەرپەرشتی سیستەمی ناوە دۆمەینەکان دەکات، هەر ئەوانیشن کە لێپرسراوەتی بەڕێوەبردنیان لەئەستۆ گرتوە، ساڵی ٢٠٠٨ لە کۆبوونەوەی مانگی ٦ دا لە پاریس بریاریاندا کە گۆڕانکاری بکەن لە کردنەوەی دەرگای وەدەست هێنانی جۆرە دۆمەینی گشتی generic top level domain ئەمە وەرچەرخانێک بوو، کە ئێمەی کوردیش دەتوانین سوودی لێببینین، دۆتکوردیش کە هەستاوە بەناردنی نامە و ئامادە کردنی داوانامە بۆ خواستنی ناوێک، پشت بەست بە هەموو تاکێکی کورد پشت بەست بە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاو دەنێت و، کاردانەوەی بەرامبەریش دڵخۆشکەرانەیە و دەتوانم مزگێنی بدەم کە کوردیش دەبێت بە خاوەنی ناوێک.
هەنگاوی داهاتووش، بەشداریمانە لە کۆنگرەی ئایکان لە برۆکسل، لەئێستاوە نەخشەی کارمان ئامادەیە، پێدەچێت لەوێ لەگەڵ گەورە لێپرسراوانی ئایکان دانیشتمان هەبێت. جگە لەوەی کە ژوانمان وەرگرتوە لەگەڵ چەند ڕاوێژکارێکدا کە پسپۆڕن لەم بوارەدا.

بینیی پارچە ڤیدیۆی چاوپێکەوتنە

Leave a Comment


NOTE - You can use these HTML tags and attributes:
<a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>