دەربارە

دانانی ناوەدۆمەینێک بۆ کورد هەوڵ و کۆششی چەندین کۆمەڵەی زانستی وەک زانستپەروەرانی کورد، ئەکادیمیای کوردی  و کوردئایتی گروپ و هیتر بووە.  خەونێکە بۆ هەموو کوردێک کە  ناوی تایبەتی خۆی هەبێت، ئێمەیش بەپشتیوانی کۆمەڵە کوردییە زانستییە خۆبەخشەکان  و هەموو تاکێکی کورد، لە هەرشوێنێکی ئەم دونیایە بن، هەڵدەستین بە هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی ناوە دۆمەینێک بۆ کورد، بەو ئامانجەی کە بتوانین شوێنی ناوی کورد بکەینەوە لە وێبدا، ئەمەش مافێکی ڕەوای کوردە هەم وەکوو نەتەوەیەک، هەم وەکوو زمانێک.

لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە چاودێری کۆبوونەوە و بڕیارەکانی ICANN دەکەین، هاوکات لەگەڵ کارمەندان و بەشداربووانی ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانەدا قسەمان کردوە، هەوڵمانداوە  وەڵامی پرسیارەکانمان لەسەر دروستکردنی ناوێک بۆ کورد وەربگرین. کاتێک کە ئایکان ICANN پرۆژەبڕیاری نوێی بۆ وەدەستهێنانی دۆمەینی گشتی gTLD ئاوەڵاکرد، دەستپێشخەربووین لە خۆڕێکخستن و ئامادەکاریی بۆ سازدانی خۆمان و پرۆژەی dotKurd مان بەرهەم هێنا. بەردەوامین لە پەیوەندیگرتن و وتووێژ لەگەڵ ڕێکخراو و دامەزراوە جیاجیاکانی ئەو بوارە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەمان. بڕوامان وایە کە kurd. یا .kur وەکوو داوانامەیەکی فەرمی لای ئایکان شوێنی خۆی دەگرێت و بەمزوانە دەگاتە ئاکام.

لەڕێگەی ئەم وێبگەیەوە لەگۆڕانکاریی و ڕووداوەکانی بەڕێوەچوونی وەرگرتنی ناوەدۆمەینی دۆتکورد ئاگادارتان دەکەینەوە. دەرگا بۆ هەموو تاکێکی کورد کراوەیە کە هاوکارمان بێت، بە بۆچوونەکانتان، پێشنیار، و دەنگدان پێمان پرۆژەکە بەرەو ئاسۆی ڕووناکی هەنگاو دەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەتوانن بەشی پەیوەندی بەکار بەرن.