پرۆژەی ناوە دۆمەینێک بۆ کورد

ئایکان ICANN ئەو ڕێکخراوە ئەمەریکییەیە کە دەسەڵاتی تەواوی پێدانی ناوی دۆمەینەکان‌و دانانی ڕێساکانی بەڕێوەبردنیانی هەیە. لە دووساڵی ڕابردوودا بەهۆی پەستانی دامەزراوەکانی ئەو بوارە‌و خواستی خەڵکی، ڕێگەیان خۆشکرد کە بتوانرێت دۆمەینی گشتی gTLD نوێ زیادبکرێت، لەماوەیەکی کەمدا سەدان داخوازینامە‌و وێبگەدروست بوون، بەڵام دیارە پرۆسەی کارکردنی ئایکان ئاڵۆز‌و خاوبوو کە تاکو ئەمڕۆ سێ جار پێداچوونەوە‌و چاکسازی تیا کراوە، لێرەوە فرسەتێکیش بۆ ئێمەی کوردیش دروستبووە کە بتوانین بچینەپێشەوە‌و داوای ناوێک بکەین بۆ کورد

ئەمە سەرەتایەک بوو بۆ دروستبوونەوەی بیرۆکەی دۆتکورد (www.dotkurd.org). بۆ بیرهێنانەوە، دوو جۆر ناوە دۆمەینمان هەیە، یەکێکیان لە دووپیت پێکهاتوە بۆ وڵاتان‌و هەرێمە سەربەخۆکانە کە بە country code Top level domain ناودەبرێت، نمونەی ئەمە وەکوو iq بۆ عێراق، ir بۆ ئێران، se بۆ سوید، …هەروەها. جۆری دووەمیان بە گشتیی ناوبراوە generic top level domain ئەمە لە سێ پیت‌و زیاتر پێکهاتووە، نمونەی ئەمە com بۆ commercial، یان name, travel, net‌و هەروەها. تاکو ئێستا ٢٥١ پاشگری دۆمەین هەیە بۆ وڵاتان‌و ٢١ دانەش لەجۆری گشتی(٢)

کورتکراوەکانی کە پێشنیاری دەکەین

کورتکراوەی .KU دەکەوێتە ژێر جۆری ناوە دۆمەینەکانی وڵاتان ccTLD‌و هەرێمەکان کە لە وڵاتەیەکگرتووەکان ناویان هەیە‌و ئەندامن لە پێوانەیی ISO 3166-1 دا.

زۆرکەس پێیوایە ئەمە ئه‌ستەمە‌و ناکرێت، چونکە پەستانی ڕامیاریی ئەو وڵاتانەی کوردی تیایە هێندە گەورەیە، کە گەر کورد کورتکراوەی هەرێمێکی سەربەخۆی پێبدرێت یا کۆدی دوو پیتی Alpha-2 وەکوو هەموو وڵاتان، ئەوا شێوە ڕێپێدانێکە بۆ دروستبوونی کوردستان وەک وڵاتێک یاخود هەرێمێکی سەربەخۆ. گەر ئێمە لەڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە داخوازی ئەم کۆدە بکەین، ئەوا یەکەم هەنگاو لای ICANN دەستپێناکات، بەڵکو لەڕێگەی نەتەوەیەکگرتوەکان‌و ڕێکخراوەکانی تر سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان یەکەم ویستگەمان دەبێت، بێگومان حکومەتی هەرێم سەربەخۆنییە، کەواتە پشتیوانی حکومەتی عێراقی ئەبێتە مەرجێک بۆ پێشکەشکردنی داخوازینامەکە.

شیوەی بڕیاردانیش لەنەتەوەیەکگرتوەکان بەکۆمەڵ دەدرێت، کە گومانی تیانییە، وڵاتانی وەکوو تورکیا‌و ئێران یەکەم دژدەبن‌و دوای ئەوانیش وڵاتانی عەرەب، چونکە ئەم هەنگاوە بە پەرتکردنی عێراقی دەزانن.

نموونە:
www.mal l.ku
www.newroz.ku
www.it.ku

کورتکراوەی KUR کە چۆتە پێوانەیی زمانەکانەوە لە ISO 639-2 دا، وەک زمانەکانی تری دونیا لە کۆدە سێ پیتییەکانە Alpha-3‌و زمانی کوردی نیشانئەدات‌و جیاکەرەوەی زمانی کوردییە. ئەمە پەیوەندی نییە بە TLD. بەڵام دەتوانین وەکو ناوی دۆمەینیش بەکاریبهێنین، کە کۆدێکی پێوانەیی جیهانی بێت بۆ زمانەکەمان بۆ پەی پێ نەبەین.

کۆدی دۆتکور .kur لە دوو پیت زیاترە کەواتە وەکوو gTLD مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. دەتوانرێت راستەوخۆ لە ئایکان ICANN داوابکرێت. لەوەیە بڕگەی کور KUR وەکو ناو لای زۆرکەس خۆش نەبێت، یاخود پەسەند نەبێت، چونکە هیچ نیشانەیەکی تر جگە لە زمانەکەمانی پێوە دیارنییە.
نموونە:
www.mall.kur
www.newroz.kur
www.it.kur

کورد KURD وەکو ناو وەکوو نەتەوە، وەکوو  ناوە دۆمەینێک جوانتر دێتەبەر بیروهۆشمان، جگەلەوەی کە ڕێگەدراوە کە نەتەوەکانیش دۆمەینی خۆیان هەبێت وەکو چۆن کەتەلان cat ـیان بۆ دابینکرد.
نموونە:
www.mall.kurd
www.newroz.kurd
www.it.kurd

حکومەتی هەرێم دەیخاتە پرۆژەکانییەوە
خۆشبەختانە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکابینەی پێنجەمدا، وەڵامی ئەرێی بۆ ئەم پرۆژەیە دایەوە‌و گفتوگۆی لەسەر کرد، سەرەتا هەموو ئارەزوومان لە KU هەبوو، بەڵام پاش بەدواداچوون‌و پەیوەندیکردن لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە لەم دەمەدا مەحاڵە بەو ئاواتە بگەین، بەڵام دەرگای هەواڵدان‌و کارکردن بۆی دانەخراوە‌و تاکو ئەوکاتەش پرۆژەی وەدەستهێنانی .kur یاخود .kurd بەردەوامدەبێت، لە پرۆژە پێشنیارکراوەکانی ساڵی ٢٠١٠ شدا پرۆژەی دۆمەینی کوردی، بودجەی بۆ تەرخانکراوە‌و ڕەزامەندی پەرلەمان‌و حکومەتیش دراوە لەسەر پرۆژەکان(٣)

لەم ڕوەوە پرسی تێچوون دێتەپێش، بێگومان هیچ شتێک بەخۆڕایی بەرهەمناهێنرێت، ئایکان ICANN بۆ وەرگرتنی داوانامەی هەر دۆمەینێکی گشتی ١٨٥ هەزاردۆلار باج وەردەگرێت. جگەلەوەی لەکاتی بوونی کەموکورتیدا سەرلەنوێ پێداچوونەوە دەکاتەوە بە ١٣٠٠٠٠ دۆلار. جگە لەباجی تر(٤)

پرۆسەی وەرگرتن‌و پێداچوونەوەی ئایکان، هیچ سنوورداێتییەکی تیانییە، واتە دیارینەکراوە کەی تەواودەبن‌و چەندیان کات دەوێت، ئەم خاڵە چەندجارێک گوشار خراوەتە سەر ئایکان، کە پرۆسەکە ئاسانتربکات، پار کۆمپانیایەک ڕێگەچارەیەکی بەناوی Espresso بەرهەمهێنا کە پرۆسەکە ئاسانتردەکات لای داخوازیکەران، هاوکات فشار هەیە بۆ کەمکردنەوەی باجەکان، گەرچی تاکو ئەمڕۆ هیچ گۆڕانکارییەکی هەستیار نابینرێت لەم ڕووەوە.

پرۆژەی دۆتکورد پشتبەستە بە تۆ
دۆتکورد بەپشتیوانی خەڵکی کورد، بەپشتیوانی کۆمەڵە کوردییەکان، بەپشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاودەنێت‌و چۆتەپێش. خوازیارین کە ئەم پرۆژەیە بە ئاماجی خۆی بگات. شوێنی خۆی بگرێت‌و ببێتە خواستی هەموو کوردێک.

هاوکات هیوادارم هەموو ئەوانەی کە پشتگیریی خۆیان دەنێرن، لەسەر ماڵپەڕەکەش بەشداری لەو ڕاپرسییەدا بکەن، کە بۆ هەڵبژاردنی کورتکراوەیەک دانراوە (KU, KUR, KURD)، تاکو بتوانین بڕیار لەسەر دانەیەکیان بدەین‌و کاری بۆ بکەین.

وێبگە:  www.dotkurd.org

سەرچاوەکان:
١. بەرنامەی ناوە دۆمەینی نوێ  http://icann.org/en/topics/new-gtld-program.htm
٢. ئامار و لیستی ناوە دۆمەینەکان  http://icann.org/en/topics/new-gtlds/eoi-geonames-25feb09-en.pdf
٣. پرۆژە پێشنیارکراوەکانی ٢٠١٠ – حکومەتی هەرێمی کوردستان http://www.perleman.org/files/articles/280110054018.pdf
لاپەڕە ٦، خانەی دووەم.
٤.  تێچوونەکان  http://icann.org/en/topics/new-gtlds/draft-rfp-clean-04oct09-en.pdf
بەشی 1.5 Fees and Payment

ئەم بابەتە لە ماڵپەڕی چاوی خەڵکدا لە ٨ ی مایسی ٢٠١٠ دا بڵاوکراوەتەوە.
بەستەر

Leave a Comment


NOTE - You can use these HTML tags and attributes:
<a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>