پیتی کوردی و ناوە دۆمەینی IDN ccTLD

ئاراس نوری

ناوە دۆمەینی نێودەوڵەتی IDN ccTLD چییە؟

مەبەست لە IDN ccTLD ئەو ناوە دۆمەینانەیە کە بە ئەلفوبای زمانە جیاجیاکان دەتوانرێن بنووسرێن. کورتکراوەکە بە مانای internationalized domainname دێت. ئەم جۆرە بۆ ناوی دۆمەین تایبەتە بە کۆدی وڵاتان ccTLD، واتە تەنها وڵاتەکانی کە ناوە دۆمەینی تایبەتی خۆیان هەیە دەتوانن بە ئەلف و بای فەرمی وڵاتەکەیان دۆمەینیان هەبێت.
ناوی دۆمەینەکان بە پیتە لاتینییەکان بووە، تەنها ئەوانەی کە لەزمانی ئینگلیزیدا هەن، بنچینەی لەسەر ئاسکی کۆد گرتبوو، کە بۆ زمانەکانی تر دەبێت بکرێ بە یونیکۆد.
نموونەیەک لە ویکیپیدیاوە: ناوی bücher.ch
bücher ناوێکە بەمانەی کتێبەکان books دێت، پیتێکی ئەڵمانی تێدایە ئەویش ü، پاشگری ch ناوە دۆمەینی تایبەتی وڵاتی سویسرایە. ئەمە هاوکێش دەکرێت بەکۆدێک Punycode کە لەکۆتاییدا بە xn--bcher-kva.ch مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بۆ گۆڕینی ئەمە هەڵمەتی دەنگ کۆکردنەوە و فشاردروست کردن لە زۆر وڵاتانەوە هەبووە، سەرەتا تەکنیککاران هاتن بیریان لەوەکردەوە کە کاتێک بە پیتە سویدییەکان یان ئەڵمانییەکان ناوی دۆمەینێک دەنووسین، ئەوا وێبگەڕەکە خۆکارانە بیانکاتەوە بە لاتینی و ئینجا فرمانەکە بنێرێت، تەنانەت عەرەبەکانیش ئەم هەوڵەیان دا، ئەندازیارێکی میسریی توانی مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆتۆکۆلەکەدا بەشێوەیەک لێبکات کە لەپیتەکان بگات. ئەو دۆمەین و وڵاتانەی کە تاکو ئیستا توانیویانە ڕەزامەندی بۆ زمانی خۆیان و ئەم تایبەتمەندییە وەربگرن برێتین لەم ناوە دۆمەینانە .biz, .cat, .com, .info, .museum, .net, .org, .ac, .as, .at, .be, .br, .bz, .de, .dk, .fi, .fr, .gr, .hu, .io, .ir, .li, .lt, .lv, .no, .nu, .pl, .pt, .se, .sh, .th هەروەها تورکیاش .tr

زۆرینەی وەشانە نوێیەکانی وێبگەڕەکانی وەکوو مۆزیلا فایەرفۆکس، سەفاری، ئینتەرنێت ئێکسپلۆرەری مایکرۆسۆفت لەم ناوانە دەگەن و دەتوانن مامەڵەی لەگەڵ بکەن.

بەس ئەمە لای زۆرکەس چارەسەر نەبوو، چونکە ناوی دۆمەینەکان بوونیان نییە، بەرنامەکە زیرەکە و لەناوەکە دەگات. چارەسەر ئەوەیە کە هەرکەسێک بەو زمانەی خۆی، بتوانێت دۆمەین بکڕێت، بۆ نموونە چۆن دۆمەینی
www.kurdistan.iq
دەکڕین، بەهەمان شێوە بتوانین دۆمەینی کوردستان.عراق بکڕین. واتە ناوی وڵاتەکەش بکرێت بە یونیکۆد و بە ئەلفوبای ئەو وڵاتە بنووسرێت.

لە١٦ تشرینی دووەمی ٢٠٠٩ بەدواوە، ڕێکخراوی ئایکان ICANN دەرگای کردەوە بۆ وڵاتان کە ئەم خزمەتگوزارییە لەڕێگەی داوای فەرمییەوە پێشکەش بکەن. وڵاتان کەونتە پێشبڕکێ، زۆر وڵات دەستپێشخەربوون، لەوانە سعودییەی عەرەبی، میسر، ئیمارات، ڕووسیا…هتد کە بەمزوانە خەڵکی ئەو وڵاتانە دەتوانن دۆمەینی لەم شێوەیە بگرن:
riyad.السعودیة
مشتاق.السعودية
Husain.مصر
hikume.مصر
دبي.امارات

پیتە کوردییەکان

(لە لاتینیدا ê, î بە نموونە، ئارامی ڵ، چ بەنموونە)

لەوانەیە لەوەی سەرەوە پرسی وڵاتەکانی تری وەکوو تورکیا و ئێران و عێراق لای خەڵکی کورد دروست بێت، ئایا ئەوان چۆن مامەڵە دەکەن، تۆ بڵێی پیتەکوردییەکانیش قبوڵ بکەن؟. گەر ئێمە باسی باشووری کوردستان بکەین کە ئازادە و خاوەنی حکومەتێکی هەڵبژێردراوە لەلایەن کوردەوە، وە بەپێی دەستووری عێراقی بێت، زمانی کوردیش دووەم زمانە، کەواتە دەبێت کاتێک دامەزراوە فەرمییەکەی حکومەتی عێراقی، کە داوای بەرزکردەوە بۆ ICANN ئەوە لەبیرنەکات، ئێمەی کوردیش لەعێراق بۆمان هەیە ناوەکان بەکوردی بنووسین. دۆمەینەکانی وەکوو: هاوڵاتی.عراق
ئاوێنە.عراق
چەپڵە.عێراق
ئەمانە هەمووی دەبێت بێگرفت دروستبکرێن و بکڕدرێن لە لایەن کەسی کوردەوە. تاکوو ئەمڕۆ عێراق دەستپێشخەر نەبووە لەم ڕووەوە، بۆ زانین ئایکان هیچ باجێک وەرناگرێت لە وڵاتان بۆ ئەم کارە. تەنها خەرجی دەکەوێتە لای لایەنی دووەم، لە وەدەست هێنانی ڕاژەکار و دانانی سیستەمی بەڕێوەبردن و کاری فەرمی خۆیان.

لێرەوە گرفتێکی تر دەهێنمەوە بیر خەڵکی کورد، ئەویش لە نووسینی ئارامیدا بەدی دەکرێت، تاکوو ئەمڕۆ ئێمە چەند جۆرێک تەختەکلیل بەکاردێنین کە پیتەکانیان لە بنچینەدا یونیکۆدی جیاجیا بۆ کاف و یێ و بزوێن …هتد بەکاردەهێنێت. ئێستاش لەکوردستان دامودەزگاکان جۆرەپیتی عەلی بەکاردەبەن کە لەسەر ئەلف و بای عەرەبی سازدراوە و لەگەڵ یونیکۆدە کوردییەکاندا یەکناگرێتەوە. ئەمە لەم پرۆسەی ناونانەدا دیسان دروست دەبێتەوە، لەسەکۆکانی کوردئایتی گروپ لەسەر ئەم بابەتانە چەندین ساڵە بەدرێژی قسە دەکرێت.

سەرچاوە:

١- ویکیپیدیا http://en.wikipedia.org/wiki/Internationalized_domain_name
٢- دۆمەینە نێودەوڵەتییەکان http://www.innter.net/de/domain/idn_domain/index.php
٣- ڕێکخراوی ئایکان http://www.icann.org/en/announcements/announcement-30oct09-en.htm
٤- لیستی ئەو وڵاتانەی کاریان بۆ ناوەکەی خۆیان کردوە http://icann.org/en/topics/idn/fast-track/string-evaluation-completion-en.htm
٥- جیاوازی لە تەختەکلیلە کوردییەکان http://www.chawg.org/wiki/Chawg_Keyboard_Layouts
٦- کورد ئایتی گروپ kurditgroup.org.  نموونەی کێشەی دوو لام http://kurditgroup.org/node/12538

Leave a Comment


NOTE - You can use these HTML tags and attributes:
<a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>