ڕاپۆرتێک لەسەر کۆنگرەی برۆکسل – ئایکان ٣٨

ئاراس نوری
دوا کۆنگرەی کراوەی ئایکان لە برۆکسل لە ڕۆژانی ٢٠ تاکوو ٢٥ حوزەیرانی ٢٠١٠ بەڕێوەچوو، ئەم کۆنگرەیە ٣٨ هەمین کۆنگرەی ڕێکخراوی ئایکان ICANN بوو لە دامەزراندنییەوە. دۆتکورد بۆ دووەم جارە لە پاش کۆنگرەی پاریسەوە، بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا دەکات. ئەم جۆرە کۆنگرانە کەشی لەیەک گەیشتن و نزیکبوونەوە لە نێوان ڕێکخراوی ئایکان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی بواری بەڕێوەبردن و تۆمارکردنی ناوە دۆمەینەکان خۆش دەکات، هاوکات هەلێکە بۆ دواندنی ڕووبەڕووی کارمەند و لێپرسراوانی ڕێکخراوی ئایکان ICANN. لەم ڕاپۆرتە کورتەدا، گرنگترین باسەکانی کۆنگرەکە دەخەمە ڕوو.لەم کۆنگرەیەدا زیاتر لە ١٥٠٠ کەس بەشداربوو لە ١٣٥ وڵاتی جیاجیاوە.

دۆتکورد لە کۆنگرەکەدا
دانیشتنەکانی برۆکسل لەسەر ناوە دۆمەینی گشتی gTLD ئاراستەی کاری دۆتکوردبوو، کە بتوانێت زۆرترین شارەزا لەو ڕووەوە بدوێنێت و پردی پەیوەندی لەگەڵ کارمەند و بەڕێوبەرانی ڕێکخراوی ئایکاندا دروست بکات. کورد وەکوو نەتەوە و وەکوو زمان لە هەموو پێوانەییەکاندا ناسراوە، هەوڵی دۆتکوردیش سەلماندن و وەدەستهێنانی بەشێکە لەو مافانە لە ئینتەرنێتدا، بە بوونی ناوێک بۆ کورد لەم گۆشەیەوە، جیاکەرەوەیەکی تایبەت بە کورد.

ئاسانکاریی تۆمارکردنی دۆمەین
ڕەخنەی زۆری تۆمارکەرەکانی registrar ناوە دۆمەینەکان domain names ڕووی لە ڕێسا و پەستانی دامەزراوە حکومییەکان دەکرد، لیژنەی پێکهاتوو بۆ چارەسەری ئەو گرفتانە، هانی دامەزراوەکانیدا بۆ توندوتۆڵ کردنی پەیوەندی و بەستنەوەیان لەگەڵ ڕێکخراوی ئایکاندا، بەوشێوەیە هێرش و تانەی تاوانباران لە ئینتەرنێتدا کە ترسی حکومەتەکانە، کەمتر دەکرێتەوە و پرۆسەی تۆمارکردنی دۆمەینەکانیش ڕوونتر دەبن بۆ هەموان. ئەگەرچی بۆچوونەکانی ئامادەبووان لەم گفتگۆیانەدا جودابوون لە ڕوانگەی ئاسانکاریی بۆ بەشداربوو و کڕیارەکانیان، بەڵام ئایکان و لیژنەکەی جەختیان لەسەر پارێزگاریی و ڕاگرتنی سنوورێک بۆ تۆمارکەرانی دۆمەینەکان دادەنا.

نوێکاری لە ناوە دۆمەینی گشتی gTLD
پێش دەستپێکردنی کۆنگرەی برۆکسل، ڕێکخراوی ئایکان ICANN چوارەم ڕەشنووسی لە ڕێنوماییەکانی بۆ ناوە دۆمەینە گشتییە نوێیەکان new top-level domains کە بەناوی Draft Applicant Guidebook (DAG) بڵاوکردەوە. کۆبوونەوەکان لەسەر DAG رۆرترین گفتوگۆی لەسەرکرا، چونکە سەدان ناوە دۆمەینی نوێ، کە دۆتکوردیش یەکێکە لەو هەوڵانە، چاوەڕوانی وەشانی کۆتایی ئەم ڕێنوماییانە دەکەن، تاکوو پرۆسەی داوانامەکان بەرەوپێشەوە بڕوات.
لەم ڕووەوە لیژنەی سەرپەرشتیکاریی DAG ڕایانگەیاندا کە زۆربەی ڕێسا و ڕوونکردنەوەکان گەیشتوونەتە کۆتایی و ڕێنومایی نامەکە هەنگاوی باشی ناوە، وەکوو چاوەڕوان دەکرێت، لە کۆنگرەی داهاتوویاندا (١٢/٢٠١٠ کۆڵۆمبیا)، ڕێکخراوی ئایکان دوا وەشانی ئەم ڕێنوماییانە بڵاودەکاتەوە. پیتەر Peter Dengate-Thrush ئەندامی دەستەی بەڕێوبەرایەتی ڕێکخراوی ئایکان لە وتەیەکیدا ئاشکرای کرد کە هەوڵی بەڕێوبەران بۆ کۆتایی هێنانی گرفتەکانی ئەم باسە لە مانگی ٩ دا ئاکامی دەبێت و بڕیاری خۆی دەردەکات.

پاراستنی مافی ناو و نیشانە بازرگانییەکان
یەکێک لەو گرفتانەی لە ڕینوماییەکانی DAG دا باسی لەسەرکراوە و ڕێگەچارەی بۆدانراوە، شێوەی پاراستنی مافی rights protection mechanisms ناوە بازرگانی و تایبەتەکانە. بۆ وێنە canon یا IBM و ئەوانیتر کە لە هەوڵداندان بۆ وەدەستهێنانی ناوە دۆمەینی تایبەت بە خۆیان. بی بی سی BBC و نەستڵ Nestle گرژی خۆیان لەم ڕووەوە نیشاندا، بەرامبەر ئەو شیکارانەی پێناسکراوە لە ڕێنوماییەکاندا، بەتایبەت لەباسی گۆڕینی خاوەندارێتی ئەو دامەزراوانەدا.

پاراستنی ئینتەرنێت
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەسەر جێگیر هێشتنەوەی ئینتەرنێت و ڕاژەکاری root-zone لە پاییزدا بڵاودەکرێتەوە، کە تیایدا زانیاریی تەواو دەدرێت لەسەر کاریگەریی دروست بوونی سەدان ناوە دۆمەینی نوێ لەسەر چووستی و جێگیر هێشتنەوەی ئینتەرنێت.

دۆمەینی نێودەوڵەتییەکان IDN
پاش میسر و ئیمارات، ڕوسیا و سعودییەش گەیشتنە کۆتای کە ببنە خاوەنی ناوە دۆمەین بە زمانی وڵاتەکەیان. هاوکات ڕێکخراوی ئایکان زمانی چینییەکانیش زیاد کرد، شارەزایان لەم ڕوەوە چاوەڕوانی وەرچەرخانێکی مەزن دەکەن لە یەک دوو ساڵی داهاتوودا.

لەو زمانە نوێیانەش کە بەمزوانە چالاک دەبن:

CNNIC (China Internet Network Information Center)
HKIRC (Hong Kong Internet Registration Corporation Limited)
TWNIC (Taiwan Network Information Center).

دۆمەینی پۆڕنۆ XXX
بەڕێوبەرایەتی ئایکان ڕایگەیاند کە ناوە دۆمەینی xxx کە بۆ لاپەڕە و دامەزراوەکانی پۆڕنۆ تەرخان دەبێت، ڕێگەی پێدەدرێت، لەسەر وتەی بەڕێوبەرێکی ڕێکخراوی ئایکان، “نیشاندانی گڵۆپی سەوز بۆ xxx واتە جارێکی تر داوانامەکەیان ڕاناگیرێت”، ئەم بڕیارەی ئایکان بۆ دروستبوونی ناوە دۆمەینێکی گشتیی gTLD نوێ، تاوێکی تر ئەدات بۆ هەموو ئەوانەی کە ڕیزبەندن لە پێشکەش کردنی داوانامە بۆ دۆمەینی نوێی gTLD. لەگەڵ ئەوەی هێشتا ڕێگەیەکی درێژ لەبەردەم xxx دا ماوە، بەڵام ئەو ١٦٢٠٠٠ شوێنەی داخوازییان ناردوە بۆ گرتنی ناوەدۆمەینی ئەم جۆرە خۆشی خۆیان وا نیشان ئەدەن کە بەم زوانە دۆمەینەکەیان دەبینن.

پاراستن و DNSSEC
گەرچی شێوە پاراستنی DNS Security Extensions (DNSSEC) چەند جارێکی تر گفتوگۆی لەسەر کرابوو، لە برۆکسلیش تێزی پارێزگاریی کردن و جێگیرهێشتنەوەی ئینتەرنێت لەسایەی DNSSEC دا خرایەوە بەرباس.
شایەنی باسە لەم ڕۆژانەدا ڕێکخراوی ئایکان و دەزگای VeriSign گرێبەستیان مۆرکرد بەناوی ”chain of trust” بۆ خستنەگەڕی کارە تەکنیکییەکانی ئەم شێوازە.

بۆ زیاتر بڕوانە:   ڕاگەیەنراوی ئایکان

Leave a Comment


NOTE - You can use these HTML tags and attributes:
<a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>